پڕۆفیسۆرێکی ئەمەریکی: ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا هەست دەکەن بەرانبەر ڕووسیا شکستیان هێناوە
K24 - هەولێر
جۆن میرشایمەر، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆی شیکاگۆ ڕایگەیاند، کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا درکیان بەوە کردووە، ئەو شکستە حەتمییە بەسەر کیێڤ و ناتۆدا دێت لە ململانێکانیاندا لەگەڵ ڕووسیادا.
ئەو پڕۆفیسۆرە بە کەناڵی "Judging Freedom" ڕاگەیاند، "گرەو دەکەم زۆرینەی ئۆکراینییەکان کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە هەیە لەگەڵ سیاسیەکانی ڕۆژئاوا هەست بەوە دەکەن کە ئۆکرانیا دۆڕاوە".
میرشایمەر گوتیشی: هەستکردن بەو شکستە، هێشتا سەرکردەکانی ڕۆژئاوای بەئاگا نەهێناوەتەوە، کە بە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای موعجیزەیەکدا بۆ ڕزگارکردنی کیێڤ لە کارەسات.
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەمانە ڕێک ئەو تێڕوانینانەن کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا باسی بیرۆکەی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دەکات.
پرۆفیسۆرەکە جەختی کردەوە، "سەرکەوتنی ڕووسیا بە مانای شکستی نەک تەنها ئۆکرانیا بەڵکو ڕۆژئاواش دێت، هەر بۆیە ئێمە بە نائومێدیەوە هەوڵدەدەین لەم شتە دوور بکەوینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابین".
چوارشەممەی ڕابردوو، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا لە میانی دانیشتنی سەرۆکایەتیی وەزارەتدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 71 هەزار سەرباز و 11 هەزار پارچە کەرەستەی سەربازییان لەدەست داوە.