سەباح سوبحی: 3.7 ترلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی خەرج دەکرێت
K24- هەولێر
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یاسایی پلەبەندی و خانەنشینان لە پەرلەمان بۆ حەشدی شەعبی دەربکرێت، کە لەمەودوا چەکدارەکان خانەنشینیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بابەتە کێشە و گرفتی زۆری تێدایە، بە لێکدانەوەی ئێمە وەکو شێوازی سوپای پاسدارانی ئێرانە، هەروەها سیستەمەکەی نیمچە سەربازییە.
گوتیشی: لە 2021 تاوەکو 2023 ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە 95% زیاد بووە، لە 122 هەزار کەس بووەتە 238 هەزار کەس، بەڵکو لەو ژمارەیەش زیاترە چونکە دامەزراندن بەردەوامە و پلەبەندی وەزیفی تێدا نییە و دامەزاراوەیەکی سەربەخۆیە.
سەباح ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیەیی بۆ حەشدی شەعبی تەرخان کراوە، 3.7 ترلیۆن دینارە کە 3.4 بۆ مووچەیە و ئەوەی دیکە بۆ چاککردنەوە و ئەو کەلوپەلانەی دیکە. دەشڵێت: ئەوانە سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەن.
باسی لەوەش کرد، دروستبوونی حەشدی شەعبی هەر لەسەرەتاوە سەر بە دامەزراوەی سەربازی نەبووە، لەبەر ئەوەی شێوازێکی نیمچە سەربازیی وەرگرتووە، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی گشتی نییە، بەڵکو سەر بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە کە فالح فەیازە، جگە لەوەش چەندین کەسی سووری و یەمەنی و لوبنانی و ئێرانی و ئەفغانییان تێدایە.
وەزارەتی دارایی و فەرمانگەکانی حکوومەت ئاگاداریی پلەبەندیی و شێوازی خەرجکردنی بودجەی حەشدی شەعبی نین، بەڵکو بودجەکەیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و لەوێوە پارەدار دەکرێن.