عەلی سەعید: 157 خێزانی ئاوارەی کەمپی حەسەن شام دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، لەچوارچێوەی قۆناغی سێیەمی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی کەمپەکانی حەسهن شامی یەک و دوو و سێ، ئەمڕۆ 157 خێزانی ئاوارەی موسڵ لە کەمپی حەسەن شام دوو دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئەمـرۆ یەکشەممە (24ـی ئاداری 2024) عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوەچەکانی خۆیان لە پارێزگای دهۆک 10 قۆناغ و لە پارێزگای هەولێریش 3 قۆناغی بڕێوە.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، لەکۆی 2000 خێزان 157 خێزان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە ماوەی چوار مانگە بە شێویەکی فەرمی حکومەتی هەرێم ناوەکانیانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی وەرگرتنەوەیان بکات.
عەلی سەعید، گوتی: کەمپی حەسەن شام دوو 600 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، کەمپی حەسەن شام سێ 1200 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، لە کەمپی خازریش 700 خێزان هەیە.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان باسی لەوەشکرد، پڕۆژەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان سەرەتا لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد، هاوکات "توانیومانە بە 10 قۆناغ هاوکاری بگەینینە ئەو ئاوارانەی کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".