دایكی یوساین بۆڵت به‌دوای ژنێكدا بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت

بۆڵت نایه‌وێت ژن بێنێت و دایكیشی زۆری لێ ده‌كات

یوساین بۆڵت،  خێراترین راكه‌ری جیهان له‌سه‌ر ژنهێنان كێشه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان خۆی و دایكی.

جێنیفێر بۆڵت، خانمێكی جامایكایه‌ و دایكی یوساین بۆڵته‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی CNNـی ئه‌مریكا، ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی ئۆڵمپیكی ریۆی 2016 كوڕه‌كه‌ی بیر له‌ ژنهێنان بكاته‌وه‌ و به‌ فه‌رمی هاوسه‌رگیری بكات.

دایكی بۆڵت ده‌شڵێت: ساڵانێكه‌ هه‌وڵده‌م بۆڵتی ته‌مه‌ن 29 ساڵی كوڕم رازی بكه‌م كه‌ ژن بێنێت، به‌ڵام ئه‌و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێش 35 ساڵی نایه‌وێت ژن بێنێت.

دایكی بۆڵت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ ئێستادا به‌ دوای كچێكی باشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی بگونجێت، ده‌شڵێت: كۆڵناده‌م تا رازی ده‌كه‌م، چونكه‌ چیتر ناتوانم نه‌وه‌ی خۆم نه‌بینم.

یوساین بۆلت، سێیەم میدالیای زێری یەک لە دوای یەکی له‌ ئۆڵمپیکی ریۆ بەدەست ھێنا، هه‌ڵبه‌ت حەوتەمین مێدالیای مێژووی لە رکابەرییەکانی ئۆڵمپیک بوو كه‌ بردییه‌وه‌. بۆڵت تاكه‌ یاریزانی مێژووی ئۆڵمپیكه‌ كه‌ له‌ 3 ئۆڵمپیکی ٢٠٠٨ـی په‌كین و ٢٠١٢ لەندەن و 2016ی ریۆ میدالیای زێری لە راکردنی ١٠٠ مەتری بەدەستھێناوە.