راگەیه‌ندراوێك لە 10 فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانەوە

كوردستان له‌ باره‌ى ره‌وشى سياسى رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ هۆشدارييان داوه‌ته‌ لايه‌نه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، 10 فراكسيۆنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ باره‌ى ره‌وشى سياسى رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ هۆشدارييان داوه‌ته‌ لايه‌نه‌كان و ئاماژه‌يان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌و كێشانه‌ى له‌ رۆژئاواى كوردستان هه‌ن، ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو و ریشەیيان بۆ نەدۆزرێتەوە، داهاتووی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو كەنارێك دەبه‌ن، دوور بێت لە ئارامی و ئۆقرەیی و ئەو درزەی كەوتووه‌تە نێوان لایەنە سیاسییەكان گەورەتر دەكات.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

هاونیشتیمانییانی كوردستان

ماوەیەكە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەك رووداو بووه‌تەوە، كە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەكمانن و وامان لێدەكەن، بەوپەڕی پەرۆشیی و دڵسۆزییمانەوە، رای گشتی كوردستانی لەو پێشهاتە پڕ مەترسییانە ئاگادار بكەینەوە، كە ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو و ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە، داهاتووی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو كەنارێك دەبات، دوور بێت لە ئارامی و ئۆقرەیی و ئەو درزەی كەوتووه‌تە نێوان لایەنە سیاسییەكان گەورەتر دەكات، كە ئەو دۆخەیش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر داهاتوو و ماف و داواكارییە رەواكانی گەلەكەمان لەو پارچەیە.

لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا، واقیعێك درووست بوو، كە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەو پارچەیەی كوردستاندا، كەوتە دەست هێزێكی سیاسی كوردی بە ناوی (پارتی یەكێتی دیموكرات).

لەو رۆژەوەی كە دەسەڵاتیشیان گرتووه‌تە دەست، دەستیان كردووە بە جێبەجێ كردنی سیاسەتی پاوانخوازی دەستگیركردنی سەرۆك و ئازاردانی چالاكوانە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوا. هەروەها دەستیان داوەتە جێبه‌جێكردنی سیستەمێكی تۆتالیتاری كه‌ هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بە خائین لە قەڵەم دەدرێت و هەڕەشەی گرتن و ئازاردانى لەسەر دەبێت، ئەو سیاسەتەی ئەو هێزە پەیڕەوی دەكات، هیچ كاتێك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات.

 بۆیە داوا لەو هێزە و تەواوی هێزەکانی رۆژئاوا دەكەین، بە تەنگ داهاتووی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بن و هەروەها پێویستە هەموومان هەڵوێستی جددیمان هەبێت و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و به‌رقه‌راربوونی ئارامی و یه‌كرێزی نیشتمانی هه‌نگاو بنێین.

1- فراكسیۆنی  پێشكه‌وتنى توركمان

2- فراكسیۆنی ئاراسته‌ى سێیه‌م

3- فراكسیۆنی هه‌ولێری توركمانی

4- ‌‌فراكسیۆنی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

5- فراكسیۆنی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری

6- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

7- فراكسیۆنی بەرەی تورکمانی

8- فراكسیۆنی رافیده‌ین

9- فراكسیۆنی گه‌شه‌پێدانی توركمان

10- فراكسیۆنی ئه‌رمه‌ن

17ی ئابی 2016