شارەزایەکی دارایی و بانک: پڕۆژەی هەژماری من هیچی لە باشترین سیستەمە داراییەکانی ئەوروپا کەمتر نییە

K24 - هەولێر

شارەزایەکی دارایی و بانک دەڵێت: کاتێک گۆڕانێک لە کۆمەڵگەکان ڕوودەدات وەک 'هەژماری من' بیروڕای جیاوازی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەرچاوڕوونیی زیاتر بدرێت بەهاووڵاتیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە.

د. مستەفا مەلا حەسەن، شارەزای دارایی و بانک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتێک گۆڕانێک لە کۆمەڵگەکان ڕوودەدات وەک 'هەژماری من' بیروڕای جیاوازی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەرچاوڕوونیی زیاتر بدرێت بە هاووڵاتیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە. بۆیە کاتێک بەرچاو ڕوونیی درا دەکرێت کوردستانیانیش سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵانە لە ئەمەریکا و ئەفریقا و هیندستان، پرۆگرامی جیاواز هەیە کە بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان و شارەزایانی بانکەکان لە ڕێگەی هەڵمەتی جیاواز هۆشیاریی دارایی بڵاودەکەنەوە سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی کە بانکەکان پیشکەشی دەکەن.

ئەو شارەزایەی دارایی و بانک گوتی: پڕۆژەی هەژماری من، هەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیهاندا هەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، هەروەها یەکێک لەباشترین سیستەمە داراییەکانی ئەوروپا هی تورکیایە، پڕۆژەی هەژماری من هیچی لەو کەمتر نییە.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کەرتی بانکی هەنگاوێکی خێرای نا، هەروەها ئەو وڵاتانەی لە پرۆسەی بانکی و سیستەمی دارایی جیهانی بەشداریان نەکردووە، بەتەواوی دواکەوتوون، هاندانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشداری پێبکات لەکۆی سیستەمی بانکیدا ئەوە پێشکەوتنە.

 

 

 

  

Fly Erbil Advertisment