کوڕی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی قاعیدە گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

میدیاکان و سەرچاوە خۆجێییەکان لە یەمەن بڵاویان کردەوە کە خالید محەممەد زێدان کوڕی ئەمیری قاعیدە محەممەد سەلاحەددین زێدان ناسراو بە "سەیف ئەلعەدل" بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای مەئرەب لەیەمەن گیانی لەدەستدا.

سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد، لە هەفتەی یەکەمی مانگی ڕەمەزاندا ئاگر لەماڵی خالید محەممەد زێدان کەتووەتەوە لە ناوچەی ئەلوادی لە پارێزگای مەئرەبی یەمەن، لەوکاتەدا هەوڵی ڕزگارکردنی کوڕەکەی داوە، بەهۆیەوە لاشەی دەسووتێت و گیان لەدەستدەدات.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "ئەلمونتەسف" و ماڵپەڕی "ئاژانسی جاسم"ـی یەمەن، وێنەیەکیان بڵاوکردووتەوە کە هەواڵی مردنی خالید محەممەد سەلاحەددین زێدانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

 لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چالاکوانانی ناوخۆیی هەواڵێکیان لەبارەی کۆچی دوایی کوڕی سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە بڵاوکردەوە، ئاماژەیان بەوەشدا، خالید، بەهۆی نەبوونی ئەزموونی لە بواری سەربازی و سەرکردایەتیدا. لە لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قاعیدەدا کاریکردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمان سەرچاوەکان بڵاویان کردووەتەوە، خالید لە ساڵی 2015 لە تەمەنی 20 ساڵیدا گەیشتووەتە یەمەن.