33 ساڵ به‌سه‌ر كۆڕه‌وە مەزنەکەدا تێده‌په‌ڕێت

K24 - هەولێر
ئه‌مڕۆ 33 ساڵ به سه‌ر كۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، دوای ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی كوردستانی باشوور و ئازادكردنی ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌كان به شاری كه‌ركووكیشه‌وه، ڕژێمی ئه‌وسای عێراق به هه‌موو توانا سه‌ربازیی و پشتیوانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هێرشی كرده سه‌ر ناوچه ئازادكراوه‌كان و به‌هۆیه‌وه کۆڕەوە ملیۆنییەکە ڕوویدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌موو دڕه‌نده‌ییه‌كانی ڕژێمی به‌عس به ئاگا هێنا.
ترسێك له گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕژێم و سوپا دڕنده‌کەی، كه ئه‌نفال و كیمیابارانی بۆ پاكتاوكردنی كورد بەکارهێنا، دوای نزیكه‌ی مانگێك له ڕاپه‌ڕین و ئازادكردنی ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی باشووری كوردستان، به كه‌ركووكیشه‌وه، له ڕۆژی 31ی ئاداری 1991دا كۆڕه‌وێكی ملیۆنی، كوردستانییانی به‌ره‌و ناوچه شاخاوییه‌كان و سنوورەکانی هه‌ر یه‌ك له ئێران و توركیا برد و لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری ئۆردوگای کاتییان لە سەر سنووری ئەو دوو وڵاتە بۆ دروست کرا. بە گوێرەی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو 6ـی نیسانی 1991، نزیکەی 750 هەزار هاووڵاتیی گەیشتنە سنوورەکانی ئێران، هاوکات 280 هەزار هاووڵاتیی دیکەس گەیشتنە سنووری تورکیا و نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتیی دیکەش نەیانتوانی سنووری نێودەوڵەتی ببڕن و بە ناچاری لە ناوخۆی کوردستان مانەوە.
ئه‌گه‌رچی پێشتر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگ بوو له ئاست ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان کرابوون، به‌ڵام دیمه‌نه ناخ هەژێن و تراجیدییه‌كانی برسێتی و بێلانه‌یی و ده‌ربه‌ده‌ربوونی یەک ملیۆن هاووڵاتیی به هه‌موو ته‌مه‌ن و چین و توێژه‌كانییه‌وه، ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی لێكه‌وته‌وه‌و دوای 25 ڕۆژ لە ژیانی ئازادیی، کۆڕەوی ملیۆنی بووە هۆیەک بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە ژێردەستەیی و سەرکوتکاریی قبووڵ نەکەنەوە.
دواجار لە 5ی نیسانی 1991 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان به فشاری فه‌ره‌نسا لە کۆبونەوەی ژمارە (2982) دا، پاڵپشت بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بڕیاری 688ی دەرکرد و گه‌لی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه لێكراو له دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان جێگیر كرا و ناوچەی دژە فڕینی لە سەرووی هێڵی 36ـه‌وە دانا بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان.

دامەزراندنی نەوای ئارام و بە كرداری ڕاگەیاندنی هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ بوو، خەڵکی كوردستان دوور لە دەستی ڕژێمی عێراق ژێرخانی ئایندەیەكی گەشی بۆ خۆی دامەزراند، زیندووكردنەوەی كێشە لە مێژینەكان و بەدەمەوەهاتنی زلهێزان بەلای دۆزی كوردەوە، وەك دۆزێكی سیاسییی ڕەوای گەلێك، كە شایانی ژیانێكی سیاسی و ئابووریی باشتر بێت لەوەی هه‌یبووه.
لەپاڵ ئەوەشدا كۆڕەو وەك خەباتێكی مەدەنی بووە ھۆی ڕاكێشانی كۆمەڵێكی زۆر دۆست بۆ كورد، بە نموونە بە دەیان گۆرانیبێژی ناسراوی وەك مادۆنا و كریس دێ برو لە لەندەنی پایتەختی به‌ریتانیا گۆرانیان بۆ منداڵان دەگوت و ھاواریان دەكرد "ژیانی منداڵێك زۆر لە سنوور و بەرژەوەندی زلھێزەكان گرنگترە".
جیا لەوە لە كۆڕەودا كورد بووە خاوەنی دایكێكی میھرەبان ، ئەویش دانیال میتران بوو. خاتوو میتران، جیا لەوەی خۆی ھاتە ناو ئاوارەكانی كۆڕەو، بووە یەكێك لە چالاكترین ئەو كەسانەی تا كۆچی دوایی خەباتی لە پێناو ئازادی كورد كرد.
دوای کۆڕەوی ملیۆنی لە ئەنجامی گوشاری ڕاپەڕیندا لە (7 تا 12ی تشرینی یەکەمی 1991) ڕژێمی ئەوسای عێراق ناچار بوو هەموو هێزەکانی لە باشووری کوردستان، جگە لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بکشێنێتەوە.
