نووری مالیکی: سەردەمی درۆن و تەکنەلۆجیایە نەک زۆری سەرباز

ئەنجوومەنی نوێنەران پێشنیازێکی بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ تاوتوێ کردووە، لەبەرانبەردا نووری مالیکی دەڵێت، ئەم هەنگاوە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا یەکناگرێتەوە و سەردەمی بەسەرچووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلاتفۆڕمی ئێکس گوتی: لە ئێستا شێوازی جەنگە نوێیەکان گۆڕانی ریشەییان بەسەردا هاتووە و چیتر پشت بە ژمارەی زۆری سەرباز نابەستن، بەڵکو درۆن و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان بوونەتە بڕیاردەری سەرەکی لە مەیدانی جەنگدا، ئاماژەی بەوەشکرد، هێنانە ناوەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بۆ ناو ریزەکانی سوپا، تێچوویەکی دارایی ئێجگار گەورە دەخاتە سەر شانی دەوڵەت بەبێ ئەوەی پێویستییەکی راستەقینەی سەربازیی هەبێت.

نووری مالیکی گوتیشی: لە جیاتی گەڕانەوە بۆ سیستەمی کۆن، پێشنیاز دەکرێت ئەو بودجە و سەرچاوانە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سوپا و بنیاتنانی هێزێکی کاریگەر و تەکنیکی بەکاربهێنرێن کە لە رووی ژمارەوە کەمتر بن، بەڵام لە رووی تواناوە لە ئاستی جەنگە مۆدێرنەکاندا بن.

نووری مالیکی داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، پێش پەسەندکردنی ئەم یاسایە، هەڵوەستەیەکی جددی بکات و لێکەوتەکانی بە وردی هەڵبسەنگێنێت.

 
 

رۆژانی 19 و 20 و 22 و 23ـی ئەم مانگە پەرلەمان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەشت پێشنیازەیاسا کرا، یەکێک لەوانەش خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بوو. پێشنیازەیاساکە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادە کراوە و لە 66 بڕگە پێکدێت.

15ـی ئەم مانگە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی بارەگای وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد و لەگەڵ سوپاسالاری عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ کرد و بە یەکێک لە بژارە ستراتیژییەکانیان وەسف کرد بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و دروستکردنی بنکەیەکی مرۆیی رێکخراو بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی.