کەرکووک.. شۆفێرانی تەکسی خۆپیشاندان دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، شۆفێرانی تەکسی لە شاری کەرکووک بەهۆی نەمانی گازی شل (LPG) و کەمیی بڕی بەنزینی دابینکراو گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، شوفێران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 20 رۆژە وێستگە حکوومییەکان گازیان دابەش نەکردووە، ئەمەش زیانی زۆری بە بژێوی و کارەکانیان گەیاندووە.

شۆفێرێکی خۆپیشاندەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە 20 رۆژە گازمان وەرنەگرتووە، دوو رۆژە وێستگە ئەهلییەکان گاز دابەش دەکەن، بەڵام بۆچی حکوومەت دابەشی ناکات؟ لە هەموو پارێزگاکانی دیکە گاز هەیە تەنیا لە کەرکووک نییە، هاتوچۆ زۆری لێکردین ئۆتۆمبێلەکانمان بکەینە گاز، کەچی ئێستا گاز نییە، 20 رۆژە ئەم قەیرانە هەیە و ئێمە چاوەڕێین.

یەکێکی دیکە لە شۆفێرە نارازییەکان دەڵێت، لە وێستگە ئەهلییەکان گاز هەیە، بەڵام لە حکوومییەکان نییە، ئەی ئەوە لە کوێوە دێت؟ لە پردێ و شوێنی دیکە هەیە، بەنزینیش بەشمان ناکات، 35 لیتر بەنزین بەشی 24 کاتژمێر ناکات، ئێمە تەنیا دەمانەوێت بەشە گازی خۆمانمان بەسەردا دابەش بکەن.

شۆفێرێکی دیکە ئاماژە بەوەدەکات، گاز نییە، بەنزینیش 35 بۆ 50 لیتر دەدەن و بەشمان ناکات، داوا دەکەین گازمان بۆ دابین بکەن.

یەکێک لە شۆفێرە نارازاییەکانی دیکە گوتی: بەشە بەنزینەکەمان بەش ناکات، چونکە شوفێر هەیە رۆژانە 50 بۆ 60 لیتر دەسووتێنێت، کەچی تەنیا 35 لیترمان دەدەنێ، پێشتر گاز هەبوو کێشەمان نەبوو، بەڵام ئێستا گازی کەرکووک دەچێت بۆ باشوور، داوا دەکەین وێستگەکانی "مەنتوجات" و "جەبەل بۆر" 24 کاتژمێر کراوە بن بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە نەمێنێت.