ڕۆمانیا ڤیزای شنگن بە وڵاتێک دەدات

K24 - هەولێر
باڵیۆزخانەی ڕۆمانیا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، لە 31ـی ئادارەوە دەست بە پێدانی ڤیزای شنگن بە ڕووسەکان دەکات و دەتوانرێت داواکارییەکە لە سەرجەم کونسوڵخانەکانی ڕۆمانیا لە ڕووسیا، پێشکەش بکرێت.
باڵیۆزخانەی ڕۆمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم کونسوڵخانەکانی لە مۆسکۆ و سانت پترسبۆرگ و ڕۆستۆڤ دەست دەکەن بە پێدانی ڤیزای شنگن بە هاووڵاتیانی ڕووسیا.
هەروەها بەرپرسانی باڵیۆزخانە ڕوونیان کردەوە کە ڤیزای شنگن لە دوای 31ـی ئادارەوە دەردەچێت، ڕێگە بە هاووڵاتیانی ڕووسیا دەدات بچنە ناوچەی شنگن بۆ ماوەی 90 ڕۆژ.
بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ڕۆمانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ڤیزایەی پێش 31ـی ئاداری 2024 دەرچووە تەنها بۆ چوونە ناو ڕۆمانیا بەکاردەهێنرێت، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو بڕگانەی لە بڕیارنامەی ژمارە 565/2014ـی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە.
باڵیۆزخانەی ڕۆمانیا ڕوونی کردەوە: "هەر هاووڵاتییەکی بیانی کە ڤیزای دوو جار یان فرە چوونە ژوورەوەی لە لایەن ڕۆمانیاوە لەپێش ئەو وادەیە بۆ دەرچووە، دەتوانێت بە ڤیزەی ڕۆمانیا، گەشت بکات بۆ ڕۆمانیا و بولگاریا و قوبرس".