ئەمشەو دهۆک لە یاریی لوتکە رووبەڕووی قوە جەویە دەبێتەوە
ئەمشەو لە یاریی لوتکەی گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی پێشوازی لە قوە جەویە پێشەنگی خولەکە دەکات. ئەم یارییەش بە کۆمێنتاری ڤەهێل کەلەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پەیجی فەرمی Kurdistan24 sport دەگوازرێتەوە.
یانەی میوان ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامەکانی وایکردووە پێشەنگایەتی بە هیچ شێوەیەک لەدەست نەدات و دهۆکیش هەموو ئامانجیەتی بۆ یەکەمجار لەم وەرزە، ئەو یانەیە تووشی شکست بکات.
دەستەی راهێنەرانی یانەی دهۆک، لە ماوەی پشووەکانی نێوان هەردوو قۆناغی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئامادەکاری باشیان کردووە و بەشێک لە یاریزانە پێکانەکانیشیان گەڕاونەتەوە، تەنها محەمەد مەعەن نەبێت کە بەهۆی پێکان، بەشداری ئەم یارییەش ناکات.
لە مێژوودا هەردوو یانەی دهۆک و قوە جەویە 29 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، دهۆک خاوەنی شەش بردنەوە و قوە جەویەیش خاوەنی 13 بردنەوەیە، هەروەها 10 یاریی لە نێوان هەردوو یانە بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە. دوایین بردنەوەی یانەی خاوەن یاریگا بەرامبەر یانەکەی بەغدای پایتەختی عێڕاق، نزیکەی هەشت ساڵی بەسەر دەچێت، ئەو کاتەی لە ساڵی 2016 توانیان لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی عێراق، رکابەرەکەیان لە یاریگای خۆیان، بە ئەنجامی 4-1 تووشی دۆڕان بکەن.
پێش ئەم یارییە دهۆک لە کۆی 19 یاریی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، خاوەنی هەشت بردنەوە و شەش دۆڕان و پێنج بەرامبەربونە و بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەردا قوەجەویە ئەو یانەیەش خاوەنی 13 بردنەوە و شەش دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 45 خاڵ، پێشەنگایەتی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.