سەدر دەستی بە جموجوڵی سیاسی کردووەتەوە و خەریکی خۆ کۆکردنەوەیە
K24 - هەولێر
پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی سەدر بەشداریی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتەكەیان کرد. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەو هەنگاوە سەرەتایەكە بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بەشدارییەکی فراوانیان دەبێت.
دوای دەست لەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لە ئەندامییەتیی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی ڕێگریی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، سەدرییەکان بە دروستكردنی پەیوەندیی سەركردایەتیی ڕەوتەكە لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكان، جارێكی دیكە دەستیان بە جموجۆڵی سیاسیی گەورە کردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی سەدرییەكاندا هاتووە، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لە كاری پەرلەمانتاری كێشاوەتەوە، بەشداریی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتەكەیان کردووە، ئامانجی كۆبوونەوەكە پێکهێنانی ئەو لێژنانەیە، کە ئەرکی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ بنکە جەماوەرییەکاندا پێ سپێردراوە.
ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەدر چی دیكە ئامادە نییە بە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی زیانەکانی زیاتر و قووڵتر بکات، بەڵكو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەكات و چاوی لەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
پێنجشەممەی ڕابردوو، 28-03-2024، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، فەرمانی پێکهێنانی ئەو لێژنە ناوەندییانەی لە سەركردەكانی ڕەوتەكەی، دەرکرد و داوای كرد لە پرسە و خۆشییەكانی خەڵکدا بەشداریی بكەن و سەردانی كەسوكاری شەهیدان و لە مزگەوتەكانیشدا پێشنوێژیی بكەن، هەروەها ژمارەی تەلەفۆنەكانی خۆیان بۆ سكاڵای خەڵكی دابنێن و سەردانی نەخۆش و پەككەوتەكان بكەن، بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە جەماوەر نزیك بكەنەوە