گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی : لە دوای سێ کاتژمێر توانرا ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ کۆنترۆڵ بکرێت

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند، بەهەموو تیمەکان و هاووڵاتییانی دهۆک توانیومانە ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ لە دهۆک کۆنترۆڵ بکەین.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: کاتژمێر 3:03 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییەک بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک کرا، پێێان ڕاگەیاندین کە ئاگرێک لە بازاڕی "چەلێ"ـی دهۆکدا کەوتووەتەوە.

بە گوتەی ئەو، "ئەو کاتەی تیمەکەی ئێمە گەیشتینە بازاڕی چەلێ ئاگرێکی زۆر گەورە و کارەساتبار بوو، کەلوپەلی لە ناو  دوکانەکانیش بووبونە هۆی گەورە بوونی ئاگرەکە و بە زەحمەت توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت. داوای هاوکاریمان لە سێ تیمی ئاگر کوژێنەوە کردووە بۆ ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە نەکات."

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "لەگەڵ گەیشتنمان بۆ شوێنی ئاگرەکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو چەندین تانکەر ئاوی بۆمان ئامادە کرد بۆ ئەوەی ئاگرەکەی پێ کۆنترۆڵ بکەین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک، لەگەڵ پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەیی و هەروها تیمی ئەمبوڵانس."

ڕێبوار عەبدولعەزیز دەشڵێت: "هەموومان پێکەوە دوای سێ کاتژمێر توانیمان ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام بەداخەوە زەرو زیانێکی ئێجگار زۆری ماددی هەبووە. زیاتر لە 100 دوکان زیانی ماددیان پێگەیشتووە، لەگەڵ 11 هاووڵاتیی تووشی و چەند ئەندامێکی تیمی بەرگریی شارستانی تەنگە نەفەسی بوون، لای خۆیەوە تیمی ئەمبوڵانس دەستی کرد بە چارەکردنی ئەو هاووڵاتییانە و ئەندامانی تیمی بەرگریی شارستانیی."

Fly Erbil Advertisment