مەحمود عەباس داوا لە بلینکن دەکات ڕێگە لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح بگرێت

مەحمود عەباس و ئەنتۆنی بلینکن
مەحمود عەباس و ئەنتۆنی بلینکن

K24- هەولێر

ڕۆژی دووشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین کرد، بۆ پێشوازیکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بۆ فەڵەستین.

ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستین "وەفا" بڵاویکردۆتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ حکوومەتی نوێی فەڵەستین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و داوای جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکانیشی کردووە.

بلینکن جەختی لەوە کردووەتەوە، چالاککردنەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین پێویستە بۆ گەلی فەڵەستین لە هەردوو کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە پێویستە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە و هێنانی هاوکاری زیاتر و کارکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، کە ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی".

لای خۆیەوە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین نیگەرانی خۆی لە ئەگەری هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ شاری ڕەفەح دەربڕی، کە زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارەی ئەو شارە بوونە.

عەباس دووپاتی کردەوە کە کەرتی غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی فەڵەستین، و ناتوانرێت پلانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ جیاکردنەوەی، یان دابڕینی هەر بستێک لە زەویەکەی قبوڵ بکرێت یان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

عەباس جەختی لە دەستوەردانی لایەنی ئەمەریکی کردەوە بۆ پێشگرتن لە ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی فەڵەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا، لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە تایبەت ناوچەکانی ئەغوار، و ڕاگرتنی هێرشکردنە سەر دانیشتووان لە کەناری ڕۆژئاوا و قودس، کە ئامانجیان زیاتر چەسپاندنی نیشتەجێبوونە لە کەناری ڕۆژئاوا.

Fly Erbil Advertisment