په‌یامنێری كوردستان24: لە ئەنجامی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كی ئیستانبوڵ 29 كه‌س مردن

K24 – هەولێر:

ئاگر لە ژێرزەمینێکی باڵه‌خانه‌یه‌كی نیشتەجێی لە ئیستانبوڵ کەوتووه‌ته‌وه‌ و لە ئەنجامدا تاكو ئێستا مردنی 29 كه‌س و برینداربوونی سێ كه‌س پشت ڕاست كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانییه‌كانیش هەیە.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 2ـی نیسانی 2024) میدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، ئاگر لە ژێرزەمینێکی باڵه‌خانه‌یه‌كی نیشتەجێبوون لە ئیستانبوڵ کەوتووه‌ته‌وه‌ و بەهۆیەوە تاكو ئێستا 29 كه‌س مردوون و سێ كه‌سی دیكه‌یش به‌ سه‌ختی بریندار بوونه‌ و باری ته‌ندروستییان ناجێگیره‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و شوێنه‌ی ئاگره‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ بووه‌ و له‌ كاتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا ئاگری گرتووه‌.

هاوكات زیا عوزێری، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ئیستانبوڵ ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی مردووان به‌هۆی ئاگركه‌وه‌ بۆ 29 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی مردوون كرێكارن و له‌ كاتی كاردا بوونه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشا، ئه‌و شوێنه‌ی ئاگره‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ ژێرزه‌مین بووه‌ و شوێنێكی سه‌خت بووه‌. گوتیشی، تا ئێستا هۆی سه‌ره‌كیی ئاگره‌كه‌ نه‌زانراوه‌، به‌ڵام ده‌گوترێت ئاگره‌كه‌ به‌هۆی مادده‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ساردی و گه‌رمی له‌ هه‌ر دوو وه‌رزی هاوین و زستاندا.

زیا عوزێری باسی له‌وه‌ كرد، شاره‌وانی ئیستانبوڵ پێی وایه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ك كراوه‌ له‌ پێدانی مۆڵه‌ت به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵوو، سه‌رۆكی براوه‌ی شاره‌وانی ئیستانبوڵ سه‌ردانی شوێنی ئاگره‌كه‌ی كردووه‌ و كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆیشی بۆ خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان ده‌ربڕیوه‌.

Fly Erbil Advertisment