ئێران: ئه‌مريكا هۆكارى قه‌يرانى سووريايه‌

كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریكا بە ھۆكاری قەیرانی سووریا دەزانێت و دەڵێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھیچ ھەوڵێكی بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕ لە سووریا نەداوە.

K24 – هه‌ولێر:

كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریكا بە ھۆكاری قەیرانی سووریا دەزانێت و دەڵێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھیچ ھەوڵێكی بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕ لە سووریا نەداوە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان یاریدەدەرەی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، سیاسەتە ھەڵەكانی ئەمریكا ھۆكاری پەرەسەندنی قەیرانی سووریایە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بە كەمتەرخەمی و ھەوڵی نمایشی لە سووریا تۆمەتبار كرد.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان كە ئێستا بە سەردانێك لە سووریایە، پشتیوانی ئێرانیشی بۆ چارەسەری پرسی سووریا دووپاتكردەوە.

وڵاتانی ناوچەكە و ئەمریكا، ئێران بە دەستێوەردان لە سووریا تۆمەتبار دەكەن و ئێرانیش دەڵێت تا كۆتاییھاتنی قەیرانی سووریا چالاكییەكانی لەو وڵاتە درێژەپێدەدات.