شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە لە بەغدایە

K24 - هەولێر

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی پرسی بودجە و مووچەی گەیشتە بەغدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئامانج لە سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆکردنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ  چارەکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

سەردانەکەی وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئادار بە دوو شێوە بۆ بەغدای دەنێرن، یەکەم جار لیستی مووچەی مانگی ئادار بەبێ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە نزیکترین کاتدا دەنێرن، بەڵام لیستی دووەمی مووچەی مانگی ئادار بە پلە بەرزکردنەوە دەبێت و لە 20 ڕۆژدا ئامادە دەکرێت و دەینێرن.

وەزارەتی دارایی عێراق تا وەکوو ئێستا تەنیا مووچەی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە و بە گوتە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کە پێشتر بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار هاوشێوەی مانگی شوبات دەبێت و وەزارەتی دارایی عێراق بە کاش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەکات.