ئیسماعیل هەنییە: ئیسرائیل ئاگربەستی لە غەززە ڕەتکردووەتەوە

K24 - هەولێر
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاند، ئیسرائیل داواکارییەکانیانی بۆ ئاگربەست لە غەززە رەتکردووەتەوە و بڕیاری درێژەدان بە شەڕی داوە.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاند، داواکارییەکانی حەماس بۆ ئاگربەست خۆی دەبینێتەوە لە کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە ناوچەکانی غەززە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام ئیسرائیل ئاگربەستی لە غەززە ڕەتکردووەتەوە و لای خۆیەوە درێژە بە بەردەوامی بە شەڕ دەدات.
گوتیشی: "داگیرەکەران بەردەوامن لە کات کوشتن و گوێنەگرتن لە داوکارییە دادپەروەرانەکانی ئێمە بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە، حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کەلەڕەقانە دەیەوێت درێژە بەجەنگ بدات."
هەینییە دەشڵێت: "جەخت لەداوکارییەکانمان بۆ ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە دەکەینەوە ئەوانیش، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل، گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر غەززە، ئەوە لەگەڵ رێککەوتنی تایبەت بە ئازادکردنی زیندانییەکان."
لای خۆیەوە، ئەمەریکا جارێکی دیکە جەخت لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان کردەوە، لەوبارەیەشەوە ماتیۆ میڵەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان بەردەوامە.
میلەر گووتیشی: "ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان دەکات."
بەگوتەی ئەو گوتەبێژە: "ئێمە پشتتوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان دەکەین، وەک دەبینن وەزیری درەوەی ژمارەیەک هەوڵی دیپلۆماسی داوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و گرەنتیکردنی ئاسایشی ئیسرائیل لەهەمان کاتدا."
دەشڵێت: "ئەم پرۆسەیە پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆییە لەنێوان لایەنەکاندا هەروەها .ئێمە لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەوڵمان بۆ ئەم پرسە داوە."
هەروەها کارین ژان پییە گوتەبێژی کۆشکی سپی لای خۆیەوە ڕایگەیاند، جۆ بایدن و تیمەکەی بەبەردەوامی کار بۆ ئاگربەستی غەززە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکییان رەوانەی قاهیرەی پایتەختی میسر کردووە.
کارین دەڵێت: "هێرشی زەمینی بۆسەرە رەفەحی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەنگاوێکی باش نییە و پێویستە جێگرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە."
ئەو گوتەبێژە، "هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست و گێڕانەوەی بارمتەکان بۆلای کەسوکارییان، بەڵام هەڵوێستی ئەمەریکا لەم بارەیەوە روونە."
ڕاشیگەیاند، سەرۆک بایدن بەردەوام سەرنجی لەسەر بەدیهێنانی ئاگربەستە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە. لەبەر ئەم مەبەستەش تیممان لە قاهیرەیە، هیوام دەخواست بتوانم بڵێم ئەمڕۆ ئاگربەستە، بەڵام کارەکان هێشتا بەردەوامن.
کارین گوتیشی: "بڕوامان وایە دەبێت ڕێگەچارەیەکی دیکە بۆ هێڕشی رەفەح لەبەردەم ئیسرائیلدا هەبێت و ئێمە پێمانوایە داگیرکردنی رەفەح هەنگاوێک نییە ئیسرائیل بەرەو پێشەوە ببات."
رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیر کرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.