سووریا ناردنی هێز بۆ سعوودیە و یەمەن رەتدەکاتەوە

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووری بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا ( سانا ) ـی راگەیاند، رێککەوتنە سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و ریاز لە چوارچێوەی راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزاییدایە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ناردنی هێز بۆ یەمەن دوورە لە راستی. 

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سووریا ( سانا ) رایگەیاند، رێککەوتنە سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و ریاز، لە چوارچێوەی هاوکاریی هاوبەشدایە لە بواری راهێنان، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و راوێژی سەربازیی، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەردوو وڵات بکات.

سەرچاوەکە رایگەیاند، رێککەوتنەکە لەگەڵ سعوودیە گرنگی بە راهێنانی هێزە سەربازییەکان و بونیاتنانی تواناکانیان، و لە مانگی داهاتووەوە سەردانە هەماهەنگییەکان لە سعوودیە بۆ سووریا دەست پێ دەکەن. هەروەها روونی کردەوە لە داهاتوودا رەنگە ئەم هاوکارییە پەرە بسێنێت و ببێتە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش یان بەشداربوونی سووریا لە هاوپەیمانیی مەکەدا، ئەگەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێویستی بکەن.

سەبارەت بە هەواڵی ناردنی هێزی سەربازیی سووریا بۆ یەمەن، سەرچاوەکە بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە و رایگەیاند، ئەم دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی راست و دروستی نییە، چونکە لە قۆناخی داهاتوودا لەپێشینەکانی سووریا بریتی دەبن لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوخۆ، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بەدیهێنانی بوژانەوەی ئابووری.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر بەرپرسانی یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ـیان راگەیاندبوو، هەزاران سەربازی سووری لە سعوودیە و یەمەن جێگیر دەکرێن. ئاماژەیان بەوەش دابوو، بەشێک لەو هێزانە بە کردەیی گەیشتوونەتە ناوچەکە؛ ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ریاز بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ سەرچاوەی سەربازی و بەرپرسێکی باڵای بەرگریی یەمەن، کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دەڵێن: ئێستا سەدان سەربازی سووری لەسەر هەردوو دیوی سنووری هاوبەشی نێوان یەمەن و سعوودیە جێگیر کراون.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرچاوەیەکی دیکەش لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، لە قۆناخی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکەی سووریا رەوانەی ناوچەکە دەکرێن، بە مەبەستی بەشداریکردن و هاوکاریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و شەڕی دژ بە چەکدارانی حووسی لە یەمەندا.