‌لە گوڵەخانە لە نێوان چەکدارانی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدووڵای حاجی مەحموود بووە بە شەڕ

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود و محەممەدی حاجی مەحموود
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود و محەممەدی حاجی مەحموود

K24 – سلێمانی:

دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و دوور خستنەوەی عەبدووڵای حاجی مەحموود لە حزب، ئاڵۆزی و شەڕە تەقە لە نێوان چەکدارانی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدووڵای حاجی مەحموود دروست بوو.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارەکانی محەممەدی حاجی مەحموود هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی خانووەکەی عەبدووڵای حاجی مەحموودیان داوە، لەلایەن پاسەوانەکانی عەبدووڵای حاجی مەحموود ڕیگرییان لێ کراوە و رووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوانیان ڕوویداوە.

لەلایەن خۆیەوە، عەبدووڵای حاجی مەحموود ڕایگەیاند: "بە ئارپیجی لە ماڵەکەم دراوە و کوڕەکەم بریندارە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەید سادق وەریگرتووە، تەرمی یەکێک لە چەکدارەکانی محەممەدی حاجی مەحموود گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و کوڕێکی عەبدووڵای حاجی مەحموودیش بریندارە و گوللـە بەر سەری کەوتووە.

ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) هەشتەمین کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، بە زۆرینەی دەنگیش محەممەدی حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی حزبەکەی هەڵبژێردرایەوە.

پێش کۆنگرەش، بە بڕیارێکی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، عەبدووڵای حاجی مەحموود و چەند کادیرێکی دیکەی حزبەکە دوورخرانەوە و مافی بەشداریکردنیان لە کۆنگرە پێنەدرا و هەروەها دوای گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆش، هەموو پۆستەکان لە لایەن ئەندامانی کۆنگرە پڕکرانەوە.

لەبارەی کۆنگرەی هەشتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش، له‌ ڕاگەیەندراوێکدا، عه‌بدووڵا حاجی مه‌حموود و ئەو ئەندامانه‌ی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کە دورخرابوونه‌وه‌، ئاماژەیان بەوە کرد: "ئەمڕۆ لەهەنگاوێکی دوور لە هەمو پرەنسیپێکی کاری سیاسی و حزبی، بە ئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس و گرووپێک بەناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان شانۆگەریەکی بێبنەما ساز دەکرێت".