حووسییەکانی یەمەن: لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 70 چەکدارمان بوونەتە قوربانی
K24 – هەولێر:
حووسییەکانی یەمەن ئاماری زیانەکانیان لە سێ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و نزیکەی 70 چەکداریان بوونەتە قوربانی.
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوو ئەمەریکا و بەریتانیا 424 هێرشیان بۆ سەر بنکەکانیان لە یەمەن ئەنجامداوە، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 37 چەکداریان کورژراون و 30 دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانیان تەنیا لە مانگێکدا 34 هێرشیان لە دەریای سوور ئەنجامداون، لە هێرشەکانیشیان 125 درۆن و مووشەکی بالیستیان بەکارهێناون.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بزووتنەوەی "ئەنسارڵڵا"ـی حووسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن درێژەی بە هێرشەکانی خۆی داوە و "کەشتییە ئیسرائیلییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەو ئەو وڵاتە دەڕۆن" دەکاتە ئامانج، بە مەبەستی "پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین لە غەززە، لای خۆیەوە "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێکهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکان."
فڕۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا چەندین هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن دەستپێکردووە، لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا بە جیا لە هەر هاوپەیمانێتی دەریایی لە ناوچەکە ئەرکەکان ئەنجام دەدات.
گرووپی حووسی "ئەنساروڵڵا" پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە، 86 کەشتییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە، جەختیشی کردەوە کە هێشتا سوپرایزی سەربازی زۆریان هەیە بۆ بەرگریکردن لە یەمەن و پشتیوانیکردن لە فەڵەستین.