پێشەوا هەورامانی: بە پشتیوانی خودای گەورە و خۆڕاگری گەلی کوردستان سەرۆکوەزیران توانی گرێ کوێرەکان بکاتەوە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە پشتیوانی خودای گەورە و خۆڕاگری گەلی کوردستان، سەرۆکوەزیران توانی گرێ کوێرەکان بکاتەوە و هەرێمی کوردستان دەرباز بکات لەو تەنگەژە دروستکراوەی تێی کەوتبوو.
رۆژی هەینی (5ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران توانی گرێ کوێرەکان بکاتەوە و هەرێمی کوردستان دەرباز بکات لەو تەنگەژە دروستکراوەی تێی کەوتبوو.
پێشەوا هەورامانی نووسیویەتی: "ئێستا کە ئاسۆ روون بۆتەوە، هیوادارین هیچ دوکەڵێکی دەستکرد بەرەبەیانی کوردستان لێڵ نەکاتەوە".
رۆژی هەینی (5ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری، لیستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و پێش جەژنی رەمەزان، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی تەمویلکردنی بەغدا، دابەش دەکرێت.
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.
دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.