لە هەولێر بەشێوەیەکی جیاواز سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکرێت

وێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر تاوەری زانیاری لە هەولێر
وێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر تاوەری زانیاری لە هەولێر

K24 – هەولێر:

لە شاری هەولێر وەک سوپاس و پێزانین بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەسەر بەرزترین تاوەری شارەکە، وێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دانرا.

کاتژمێر (20:30)ـی شەوی (5ـی نیسانی 2024) لەسەر تاوەری زانیاری لە شاری هەولێر، کە بەرزترین تاوەری نیشتەجێبوونە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، وێنەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانرا.

دانانی وێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی دێت بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان و رێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و دەستپێکردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، جووڵە کەوتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان دەستیان کردووە بە ئامادەکاریی و کڕینی پێداویستییەکانی جەژنی رەمەزان.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی  دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.

دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.

هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، رەوانەی بەغدای بکات.