دابەشکردنی مووچە کاریگەریی لەسەر جموجووڵی بازاڕ دروست كردووە

K24 - هەولێر

دابەشکردنی دوو مووچە (مانگی دوو و سێ)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ جموجووڵی خستووەتە بازاڕ و هاووڵاتییان سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە پێداگری لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

ڕۆژی شەممە، 06-04-2024، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران کرا.  ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی مانگێکدا، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن، حاجی سلێمان خانەنشینی شارستانییە و جەژنەکەی بووەتە دوو جەژن.

حاجی سلێمان ئاماژە بەوە دەدات، دابەشکردنی دوو مووچە (مانگی دوو و سێ) بۆ ئەوان هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو و جووڵەیەکی زۆر کەوتووەتە بازاڕ.

بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچە ڕیزەکانی قەرەباڵغ کردووە لە بانکەکاندا. هاووڵاتییان دەست خۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پێداگریی لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

هاووڵاتیی تۆفیق ئازاد سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "زۆر ماندووبوو لەگەڵ حکوومەتی عێراق تاوەکو دوو مووچەی فەرمانبەران لە مانگی ڕەمەزاندا دابەش بکرێت. بازاڕیش بووژاوەتەوە".

کانەبی میرزا لە یەکێک لە بانکەکانی هەولێر مووچەی مانگی ئاداری وەرگرت و دەڵێت، دابەشکردنی دوو مووچە لە چەند ڕۆژێکدا زۆر دڵخۆشمانی کردووە، بازاڕی بووژاندووەتەوە و خەڵک دەتوانێت بەوپەڕی دڵخۆشییەوە ئامادەکاریی بۆ جەژنی ڕەمەزان بکات.  

دابەشکردنی مووچە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر جموجووڵی بازاڕ، دەمێکە بازاڕ ئەو قەرەباڵغییەی بەخۆوە نەبینیوە.

شێروان تۆفیق، دووکاندارە و وەکو خۆی باسی دەکات، دابەشکردنی دوو مووچە بەسەر هاووڵاتییاندا "سەدا 80 کاریگەریی لەسەر جموجووڵی بازاڕ هەبووە. بازاڕ بووژاوەتەوە، چونکە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان مووچەخۆرە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت".

چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ جەژنی رەمەزان، هاووڵاتییان بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان سەردانی بازاڕ دەکەن و بەر لە جەژنیش هەموو مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.