سەفین دزەیی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هۆکاری چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە
K24 – هەولێر:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر پرسی مووچە پەیوەندی بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و سەردانەکانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا هەمیشە جەختکردنەوە بووە لەسەر ئەوەی کە پابەندن بە رێککەوتنەکەی نێوانیان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر رێککەوتنیش لەنێوان هەردوولا هەبووبێت سەرەڕاری پابەندی هەرێمی کوردستان، بەڵام عێراق رێککەوتنەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە و وەکو کارتێکی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناوە کە ئەمەش قابیلی قبووڵ نییە.
دزەیی، راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نیگەرانییەکانی هەرێمی لە بەرامبەر بەغدا گەیاندە ئەمەریکا، هەورەها خۆشبەختانە کێشەی مووچە بۆ مانگەکانی یەک، دوو و سێ چارەسەر کراوە، هیوادارە ئەو بابەتە نەبێتە پرسی گەرمی میدیاکان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هۆکاری چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو.