وەزارەتی شارەوانی: بڕیارە گرنگەكەی حكوومەت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە
K24 – هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارێكی دیکەی گرنگی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و ڕسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4651 لە 7/4/2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە ئیمزای ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی، لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.
لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان لەمڕۆوە (8/4/2024) لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.
ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند، لەوانەش؛ داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%، داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی هاتووچۆ، داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت، داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەت، داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%، داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.