لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە پاکستان نزیکەی 60 کەس بوونە قوربانی

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند، ڕووداوێکی هاتووچۆ لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان ڕوویدا، بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 41 کەسیش بریندار بوون.
مونیر ئەحمەد، بەرپرسی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: ڕووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە ناوچەی حەب لە بەلوچستانی پاکستان ڕوویداوە.
مونیر ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "پاسەکە بە خێراییەکی زۆرەوە ڕۆیشتووە و دواتر لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەوتووتە ناو دۆڵێک لە ناوچە شاخاوییەکان کە نزیک بووە لە شوێنێکی ئاینی"، دەشڵێت، "شۆفێرەکە خۆی لە ئۆتۆمبێلەکە هەڵداوەتە خوارەوە و ڕزگاری بووە".
گوتیشی: سەرنشینەکان "ئەو کەسانە بوون کە لە ناوچەی سیندەوە بەڕێکەوتبوون بەرەو مەزارگەی شا نورانی لە باشووری پاکستان".
مونیر باسی لەوەشکرد: " بریندارانی ڕووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ کاراچی."
د. شەوکەت جالیبانی بەرپرسی نەخۆشخانەی حەب، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "لانی کەم 17 تەرمیان بۆ توێکاری پزیشکی هێناوەتە نەخۆشخانەکە، هەروەها زیاتر لە 40 کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان گوستراونەتەوە بۆ کاراچی".