یۆئاڤ گاڵانت: ئامادەین لە ئاسمان و زەوی بەرگری لەخۆمان بکەین
K24 - هەولێر:
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل و ئەمەریکا شانبەشانی یەکدی دەوەستنەوە و دوژمنانمان نەک ناتوانن ئێمە لێک جیا بکەنەوە، به پێچهوانهوه پەیوەندیمان بەهێزتر بووە. لهبارهی ههڕهشهكانی ئێران، ئهو بهرپرسه ئیسرائیلییه گوتیشی: "ئامادەین لە ئاسمان و زەوی بەرگری لەخۆمان بکەین".
لە کاتێکدا ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات، یۆئاڤ گاڵانت ئاماژەی بەوەشدا، جیهان رووی راستەقینەی ئێران دەبینێت کە هانی کردەوەی تیرۆرستی دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەزانێت چۆن وەڵام بداتەوە.
یۆئاڤ گاڵانت ههروهها گوتی: "دوژمنانمان وابیر دەکەنەوە دەتوانن ئیسرائیل لە ئەمەریکا جیابکەنەوە، بەڵام پێچەوانەکەی راستە، ئەوان ئێمە نزیکتر کردووەتەوە و پەیوەندییەکانی ئێمە بەهێزتر دەکەن. لە ململانێکان شانبەشانی یەکدی دەوەستینەوە".
دهشڵێت: "ئامادەین لە ئاسمان و زەوی بەرگری لەخۆمان بکەین، لە هەماهەنگی نزیکداین لەگەڵ هاوبەشانمان و دەزانین چۆن وەڵام بدەینەوە".
بەگوێرەی زانیارییهكانی دوو بەرپرسی باڵای ئەمهریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كهناڵی سی بی ئێس نیوزی ئهمهریكی كردووە، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و دهیان مووشهك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل.
ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فهرمانده و ڕاوێژكاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.