هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا؛ دیموکراتەکان 53 کورسیی ئەنجوومەنی پیرانیان مسۆگەر کرد
لە درێژەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نوێترین ئامارەکان پێشڕەویی بەرچاوی پارتی دیموکرات پیشان دەدەن؛ بە جۆرێک لە ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارەی کورسییەکانیان بۆ 220 کورسی بەرزکردووەتەوە و لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا بە بەدەستهێنانی 53 کورسی زۆرینەی رەهایان مسۆگەر کردووە، هاوکات لە کێبڕکێی پارێزگاری ویلایەتەکانیشدا بە 41 کورسی لە پێشەوەن.
بەگوێرەی دواین ئامارەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان، لە کۆی 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دیموکراتەکان ژمارەی کورسییەکانیان بۆ 220 کورسی بەرزکردووەتەوە، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان 126 کورسییان بەدەستهێناوە.
لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا، دیموکراتەکان بە مسۆگەرکردنی 53 کورسی لە کۆی 100 کورسی، زۆرینەی رەهای ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە و باڵادەستیی خۆیان جێگیر کردووە.
هاوکات لە هەڵبژاردنی پارێزگاری ویلایەتەکاندا، دیموکراتەکان بەردەوامن لە پێشڕەوی و تاوەکو ئێستا 41 کورسییان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا کۆمارییەکان لە دواین ئاماردا خاوەنی 13 کورسین.