نەسرەت سۆفی: پەرلەمان موڵکی هیچ لایەنێک نییە
ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پاش زیاتر لە دوو ساڵ پەککەوتن و دروستبوونی بۆشاییەکی یاسایی کۆتاییهات. بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ پەرلەمانتاران لە هۆڵی کۆبوونەوەکان ئامادەبن بۆ بەردەوامیدان بە دانیشتنی یەکەمی خولەکە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی بەهۆی پەککەوتنی دەزگای یاسادانانەوە دروستبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، نەسرەت سۆفی، پەرلەمانتار بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەوازمان کردووە و داوا لە هەموو فراکسیۆنەکان دەکەین ئەمڕۆ ئامادەی پەرلەمان بن تا دانیشتنی یەکەمی خولی 2024 تەواو بکەین و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین".
نەسرەت سۆفی روونیکردەوە، داوایان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان کردووە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وا دیارە یەکێتی پێی باشە دانیشتنی پەرلەمان تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی دوابخرێت.
سۆفی جەختیکردەوە کە چاوەڕوانی بۆ ماوەی دوو ساڵ گونجاو نییە، چونکە پەرلەمان موڵکی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نییە و دامەزراوەیەکی نیشتمانیی سەر بە هەرێمی کوردستانە. ئەو پێیوایە پێویستە دەزگای یاسادانان کارابکرێتەوە تا لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و ئەرکەکانی تایبەت بە یاسادانان و چاودێریکردنی حکوومەت جێبەجێبکات.