ئه‌مریكا ستافه سه‌ربازییه‌كه‌ی له سعودییه ده‌كشێنێته‌وه
به‌رزبوونه‌ی ژماره‌ی قوربانیان له شه‌ڕی یه‌مه‌ن هۆكاری كشانه‌وه‌ی ستافی سه‌ربازیی ئه‌مریكایه
K24 – هه‌ولێر
ئه‌مریكا ستافه سه‌ربازییه‌كه‌ی له سعودییه ده‌كشێنێته‌وه، كه بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی هه‌وایی سعودییه له شه‌ڕی یه‌مه‌ن، له‌م وڵاته‌دا جێگیر كردبوو.
ئاژانسی رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به خێرایی ستافی سه‌ربازی ئه‌مریكا له سعودیه كه‌م كراوه‌ته‌وه.
وته‌بێژێكی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا له به‌حرێن رایگه‌یاند ئێستا ته‌نیا پێنج ئه‌ندامی ستافی ئه‌مریكا له سعودییه ماون بۆ هه‌ماهه‌نگی 24 كاتژمێری له‌گه‌ڵ هێزه‌ی هه‌وایی سعودییه له ژووری پلانی هاوبه‌ش، كه ساڵی رابردوو به هه‌ماهه‌نگی و پشتیوانی ئه‌مریكا، دامه‌زراوه، به‌تایبه‌تی بۆ دابینكردنی سوته‌مه‌نی له هه‌وادا بۆ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان و هه‌واڵگری سنووردار.
به‌رزبوونه‌وی قوربانییانی سڤیل له شه‌ڕی یه‌مه‌ن به‌هۆی هێرشی هه‌وایی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به سه‌رۆكایه‌یی سعودییه هۆكاری سه‌ره‌كی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكایه له ژووری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌گه‌ل سعودییه.
به‌رپرسێكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند له ماوه‌ی 16 مانگدا 6500 كه‌س له یه‌مه‌ن كوژراون، كه نزیكه‌ی نیوه‌یان هاووڵاتیانی سڤیلن.
له لایه‌كی تره‌وه وته‌بێژی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به سه‌رۆكایه‌تی سعودییه سه‌باره‌ت به كه‌مبوونه‌وه‌ی ستافی سه‌ربازی ئه‌مریكا له ژووری پلانی هاوبه‌ش گوتی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریكا و شانشین په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژییه، ئه‌گه‌ر راست بێت، كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بواره‌كانی تر له‌سه‌ر ئاستی تاكتیكی ده‌بێت.