شارەزایەکی ئابووری: ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی ئێران بداتەوە، بەهای تمەن زۆر زیاتر دادەبەزێت

سلێمان تاشان، شارەزای ئابووری
سلێمان تاشان، شارەزای ئابووری

K24 - هەولێر

شارەزایەکی ئابووری ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئێران کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی تمەن هەبوو. دەشڵێت، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، بەهای تمەن زۆر زیاتر دادەبەزێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، سلێمان تاشان، شارەزای ئابووری، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و بەهای تمەن هەبووە. ئەگەر ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، کاریگەرییەکە زیاتر دەبێت و بەهای تمەن بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.  

سلێمان تاشان گوتی، "دوێنێ شەممە، 13-04-2024، پێش ئەوەی ئێران هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ بکات، بەهای تمەن بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزی. هەروەها بەهای بورسەی ئێران سەدا سێ دابەزی. ئەمەش وای کرد بەشێک لە ڕۆژنامەکاندا بە "شەممەی ڕەش" ناوی ببەن".

ئێران، وەکو ئەوەی ئەو شارەزایە ئابوورییە باسی کرد، "لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووری دایە. بابەتی دابەزینی بەهای تمەن هەر تەنها پەیوەندی بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە چەند بابەتێکی دیکەوە. ئەگەر هیچ شەڕێکی دیکەش ڕوو نەدات، ئابووریی ئێران هەر پاشەکشە دەکات".

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.

Fly Erbil Advertisment