حکوومەتی چین خولێکی تواناسازیی بۆ فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

K24 - هەولێر
حکوومەتی چین چەند خولێكی ڕاهێنان و بە هێزکردنی توانایی فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەت بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە ئامانجی پەرە پێدانی توانا مرۆییەکانە.
ئەو فەرمانبەرانە لە سەر ئەرکی کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، لە چین میوانداری کراون و بە سەرپەرشتی پەیمانگەی جیانگسوەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنراوان سوود لە ئەزموونی چین وەرگرن لە بواری بە سیستەم و دیجیتاڵیکردنی گومرگی، کۆنترۆڵکردنی بەرهەمە هاوردەکراوەکان، پڕۆسەی چۆنییەتی کەرەنتینی بەرهەمە خۆراکییەکان و پشکنینی جۆری و دڵنیابوونەوە لەو بەرهەمانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
هەر لەو خولەی بۆ فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، جەخت کردنەوەیە لە سەر چۆنێتی ناسینەوە بەرهەمە ساختەکان بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی بێکوالێتی. هەر لەم سمینار و ڕاهێنانەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەخرێنە ڕوو کە تایبەتن بە گەشەی بەرهەمە ناوخۆییەکان (GDP) و پرۆسەی گەشەی ئابووری ناوخۆیی و هۆکانی زیادبوونی دەرفەتی کار و پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و ئاستی دەستی کار لە ناوخۆیی کوردستان بەرز دەکاتەوە
خوولەکە زیاتر لە 13 ڕۆژ دەخایەنن و چەندین مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی سەربازی سەر بە گومرگی حکوومەتی چین ڕاهێنان و وانەی تیۆری و پراکتیکی دەڵێنەوە و جگە لە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەرانی چەند حکوومەتێکی دیکەی وڵاتانی ئەفریقا و پاکستانیش بەشدارن.

