عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بەرەو ئێران دەست پێدەکاتەوە

K24 – هەولێر
دوای زیاتر لە 72 کاتژمێر لە ڕاگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی عێراق – ئێران بە هۆی هێرشە موشەکیی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق گەشتەکان بۆ ئێران ئاسایی بکاتەوە.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ 16ی نیسانی 2024 گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکان بەرەو فڕۆکەخانەکانی ئێران دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی شەممە 13ی ئەم مانگە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی و پاراستنی تیمە فڕکەوانیی و گەشتیاران بەر لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گەشتە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد.
هەر بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل، سنووری ئاسمانی بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە داخراون ڕێڕەوی گەشتی فڕۆکەوانی وڵاتانیش بۆ ئاسمانی ناوچەکە گۆڕا.
شەوی 14ی نیسانی 2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە موشەکی بالیستیی و موشەکی کرووز و درۆنی بۆمبڕێژکراو ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، هێرشەکەشی بە تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەو حەوت فەرماندە و ڕاوێژکارانەی سوپای پاسداران ناوبرد کە یەکی ئەم مانگە لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کوژران. بەڵام سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، توانیویانە شکست بە هێرشە موشەکیی و درۆنەکانی ئێران بهێنن و %99 موشەک و درۆنەکان بخەنە خوارەوە.