ئەمریكا: پەیكەری ترامپ بە رووتی لەناو باخچە گشتییەكانە داندراوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكان: دانانی پەیكەر لە باخچەكان بەبێ رەزامەندی، سەرپێچی یاساییە
دانانی پەیكەری رووتی ترامپ، كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە پاركە گشتییەكانی چەند شارێكی ئەمریكا، سەرنجی رێبوارانی بەلای خۆیدا راكێشاوە و بەڕێوەبەرایەتیی پاركەكانیش ئەم كارە بە سەرپێچی یاسایی دادەنێن.
لە یەك دوو رۆژی رابردوودا پەیكەرێكی رووتی ترامپ، كە وێنای ھەموو ئەندامەكان و گۆشەكانی جەستەی كردووە، لە باخچەیەكی گشتیی شاری نیویۆرك و چەند شارێكی دیكەی ئەمریكا دانرا.
گرووپێكی ھونەری بەناوی (ئیندیكلاین)، كە ژمارەیەك ھونەرمەندی پەیكەرتاش و موزیسیان و دەرھێنەر لە خۆی دەگرێت، خاوەندارێتیی خۆیان لەو پەیكەرە رووتانەی ترامپ راگەیاند و دەڵێن نموونەی ئەو پەیكەرانەیان لە شارەكانی سان فڕانسیسكۆ و لۆس ئەنجلۆس و سیاتێل و كلیفلاند داناوە و ھونەرمەندێك بەناوی (جینجەر) لە دروستكردنیاندا بەشدار بووە.
پەیكەرە رووتەكەی ترامپ كە لە باخچەی یۆنیۆن سكوێر، لە گەڕەكی مانھاتنی ناوەڕاستی شاری نیویۆرك داندرابوو، لەیەك كاتدا سەرنجی بەشێك لە رێبوارانی بەلای خۆیدا راكێشا و وێنەیان لەگەڵ گرت، بۆ ھەندێكیش جێگەی شۆك بوو و وەك خۆیان دەڵێن، كارێكی چاوەڕوان نەكراو بوو.
لەم بارەیەوە (ئینا كوبی – تەمەن 58 ساڵ) بە پێكەنینەوە دەڵێ: " ئەمە شتێكی باوەڕ پێنەكراوە، ئەوكاتەی لە یەكێك لە وێستگەكانی میترۆ دەھاتمەدەر و بیرم بەلای كاروبارەكانی خۆمەوە بوو، پەیكەرەكەم لەبەردەمی خۆمدا بینی".
دوای ماوەیەك پەیكەرەكە لەلایەن كرێكارانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكە ھەڵگیران. لای خۆیەوە، مای فیرگسۆن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی نیویۆرك رایگەیاند " دانانی ھەر پەیكەرێك لە ھەر باخچەیەكی گشتیی ناو شار بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی، سەرپێچیكردنی یاساییە، بۆیە ئەو پەیكەرەمان لەو شوێنە گشتییە ھەڵگرت".