ئەردۆغان: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا  ئاشکرایکرد، 22ـی ئەم مانگە سەردانی عێراق دەکات و لەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لایەنی عێراقی بایەخێکی زۆر بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەدات و بە سەردانەکەش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەگەیەنرێتە ئاستێکی نوێ.

سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵێک ڕێککەوتنیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لە کاتی سەردانەکەدا مۆری بکەن، هەروەها پرسی سەرەکیی لە بەرنامەکەدا، پرسی ئاوە، کە عێراق هەندێک کێشەی لەبارەیەوە هەیە.

ئەردۆغان، باسی لەوەش کرد، لەوانەیە لە سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی هەولێریش بکات، هاوکات گوتی: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکەین.

رۆژی (12ـی نیسانی 2024) ماڵپەری "یەنی شەفەق" خشتەی سەردانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای 12 ساڵ؛ ئەردۆغان لە 22ـی ئەم مانگە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ماڵپەڕەکە ڕاشیگەیاندووە، سەردانەکەی ئەردۆغان گرنگیی ئابووری و دیپلۆماسی زۆری هەیە بەتایبەتی دوای ناوبڕێکی زۆر سەردانی عێراق دەکاتەوە.

پێشتر سەرچاوەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایانگەیاندبوو، ئەردۆغان جگە لە بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و ژمارەیەک کۆبوونەوەی باڵای دەبێت.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008، 2009 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

Fly Erbil Advertisment