شاندی بازرگانیی ھەرێمی كورستان و عێراق لەگەڵ بازرگان و كۆمپانیا گەورەكانی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه
K24 - هەولێر:
شاندی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كورستان و عێراق لەگەڵ بازرگانان و كۆمپانیا گەورەكانی بواری وەبەرھێنان لە واشنتن كۆبوونەوە.
بڕیارە سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەردانی شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن بكات، لەگەڵ ژووری بازرگانیی كلدانی كۆببێتەوە.
مارتن مەننا، سەرۆكی ژووری بازرگانی كلدانی - ئەمریكی بۆ كوردستان24 ڕایگەیاند، پێشتر لە ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كۆبوونەوەمان هەبووە و لەگەڵ سەرۆكوەزیران سوودانیش كۆدەبینەوە و ئامانجمان بردنی وەبەرهێنەری ئەمریكییە بۆ كوردستان و عێراق.
سەرۆكی ژووری بازرگانی كلدانی ئەمریكی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئەوەی بۆ بەغدا و هەولێر گرنگە ئەوەیە ئەم پێكهاتانە دەرگای سەرەكین بەرووی رۆژئاوا، لەرێگەیانەوە دەتوانرێت وەبەرهێنان و دەرفەت روو لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكات. ئەیلوولی ئەمساڵ شاندێكی بارزگانیمان سەردانی هەولێر و بەغدا دەكەن. ئێستا هەمووشتێك بەئاراستەیەكی باش دەچێتە پێشەوە. ئەگەر بتوانین كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكەین. وەبەرهێنەرێكی زۆر هەن دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق و كوردستان بكەن".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "26ی نیسان سەرۆكی شارەوانیی عەنكاوە سەردانی ئەمریكا دەكات".
مەننا ڕوونیشی كرده‌وه، "پێشتریش شانازی ئەوەمان هەبوو سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ببینین، هەروەها پارێزگاری دهۆك و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانمان بینیوە. كاریش لەسەر ئەوە دەكەین عەنكاوە و شاری سترلینك هایتس بكەین دەستە خوشك."
لیژنەی باڵای هەماهەنگیی ئەمریكا - عێراق بەشێكی شاندەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقن و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بەشداری كۆبوونەوەكان بووە. سەرۆكی فەرمانگەی ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، كۆبوونەوەكەیان پێنج تەوەری سەرەكی تێدا بووە و یەكێك لەو تەوەرانە وەبەرهێنان بووە.
ڕۆژی 13ی نیسانی 2024، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ر له به‌ڕێكه‌وتنی بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، ڕایگه‌یاند، به سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌ردانی واشنتن ده‌كات و له كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ بایدن كۆده‌بێته‌وه و تاووتوێی په‌یوه‌ندیه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە 13 تا 19ی ئەم مانگە لە ئەمه‌ریكا دەبێت.