خاوه‌ن كار و كۆمپانیاكان به‌ بڕیاری لێخۆشبوونی باج خۆشحاڵن

K24 - هەولێر

بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەدا سەدی قەرزە کەڵەکەبووەکانی باج چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری پشکنینی باج دەڵێت، بڕیارەکە نزیکەی دوو ملیۆن باجدەر دەگرێتەوە.

بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەدا سەدی قەرزە کەڵەکەبووەکانی باج چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و خاوەن کار و کۆمپانیاکان و ھاووڵاتییان سوپاسی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەو بڕیارە وایکردووە باری سەرشانیان سووک بکات .

بەڕێوەبەری پشکنینی باج بە کوردستان 24 راگەیاند: بڕیارەکە نزیکەی دوو ملیۆن باجدەر دەگرێتەوە کە بۆ ماوەی 90 رۆژ کاری پێدەکرێت.

بریارێکی دڵخۆشکەر ھێناویتیە بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەت، سەفەر پارێزەری راوێژکارە، بریکاری باجدەرەکەیە، کەڵەکەبوونی نەدانی باج ئەرکی سەرشانی قورس کردبوو، پێش ئەو بریارە دەبوو نزیکەی 13 ملیۆن دینار بدات، کە بەشێکی زۆری سزای دواکەوتنی باج بوو، بەڵام لەو بریارەدا نزیکەی شەش ملیۆن دینار لێخۆشبوونی بۆ گەڕاوەتەوە.

سەفەر کەریم، پارێزەری راوێژکار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەرجارەو کۆمەڵێک بڕیار و ئومێدی پێیە بۆ خەڵکی کوردستان، کەمکردنەوەی باجیش یەکێک بووە لەو بڕیارانەی حکوومەت.

گوتیشی: بریکارەکەم نزیکەی 13 ملیۆن باجی لەسەر بوو، ئەگەر پێش ئەو بڕیارە باجی بدابوایە دەبوو ئەو بڕە پارە بدات، بەڵام ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن دینار کەمتر دەدات.

هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێک لەو بڕیارانەی بەم دواییە دەرچوو تایبەت بوو بە لێخۆشبوونی تەواوی سوود و سزای دواکەوتنی ئەو باجدەرانەی کە لەساڵانی ڕابردوو باجەکانیان نەدابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیراەکە سەرجەم باجدەران دەگرێتەوە کە ملیۆنێک نیو تا دووملیۆن هاووڵاتی کە تۆمارن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، هەروەها دەتوانن باجەکانیان لە ماوەی 90 ڕۆژ بدەن بەبێ هیچ سزای سوود و دواکەوتن.