دانیشتنی بۆ ماوەیەكی زۆر له‌سه‌ر كورسی زۆر مه‌ترسیدارتره له‌وه‌ی كه بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه
K24 – هه‌ولێر
ئه‌گه‌ر رۆژانه له رێگه‌ی دانیشتن له‌سه‌ر كورسی، كاره‌كانت ئه‌نجام ده‌ده‌ی، له‌وانه‌یه پێویستیت به‌وه هه‌بیت بۆ هه‌ر دانیشتنێك له‌سه‌ر كورسی، رۆژانه وه‌رزشی راكردن ئه‌نجام بده‌ی.
وه‌رزش، ته‌واوی زیانه ته‌ندروستییه‌كانی هه‌شت كاتژمێر دانیشتن له‌سه‌ر كورسی قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه، راسته؟
هه‌ڵه‌یه، به‌پێی ئامۆژگارییه‌كی نوێی ئه‌نجومه‌نی دڵی ئه‌مریكا، هیچ چالاكییه‌كی فیزیكی ناتوانێ قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی زۆر دانیشتن بكاته‌وه.
تیمێك له پسپۆرانی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و هه‌ناو، توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان دانیشتن و ته‌ندروستیان كرد.
به‌پێی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌یان، "هیچ چالاكییه‌كی فیزیكی قه‌ره‌بووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی زیانی ته‌ندروستیی دانیشتن بۆ ماوه‌ی چه‌ندین كاتژمێری رۆژانه ناكاته‌وه".
به‌پێی راپۆرتی ئه‌نجومه‌نی دڵی ئه‌مریكا، رێژه‌ی مام ناوه‌ندی دانیشتنی ئه‌مریكییه‌كان رۆژانه شه‌ش بۆ هه‌شت كاتژمێره.
ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كرد كه په‌یوه‌ندی له‌نێوان زۆر دانیشتن و به‌زربوونه‌وه‌ی مه‌ترسی نه‌خۆشی شه‌كره، نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ته‌نانه‌ت شێرپه‌نجه‌شی هه‌یه. زۆر دانیشتنی رۆژانه هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نیگه‌رانی.
هه‌ندێ له توێژه‌ران پێیان وایه جاروبار هه‌ستانه‌وه له‌سه‌ر كورسی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت، ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ قه‌ره‌بووی زیانه ته‌ندروستییه‌كانی زۆر دانیشتن.
به‌ڵام ئه‌م هه‌موو هه‌وڵانه به‌س نین، توێژینه‌وه‌ی نوێ، راپۆرته‌كانی پێشوو پشتڕاست ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "ده‌رمانی ته‌واوی دانیشتنه‌كانمان، وه‌رزشكردنی زیاتر نییه، به‌ڵكو دانیشتنی كه‌متره".
دكتۆر دێبۆرا یانگ به‌رپرسی تیمه‌كه رایگه‌یاند به‌بێ به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه هه‌ر كه‌سێك رۆژانه چه‌ند چالاكیی فیزیكی ئه‌نجام ده‌دات، دانیشتنی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر دڵ و ده‌ماری خوێن هه‌یه.
به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه هه‌ڵسوكه‌وتی بێ جموجوڵ یارمه‌تیده‌ره بۆ به‌رزبوونه‌وه رێژه‌ی نه‌خۆشی و مردن.
به مانایه‌كی تر، دانیشتن له‌وانه زووتر بتانكوژێت. له كاتێكدا كه پسپۆرانیش ده‌ڵێن داتای پێویستیان له‌به‌ر ده‌ست نییه بۆ ئامۆژگاری سنوورداركردنی كاتی دانیشتنی ته‌مه‌ڵی له‌سه‌ر كورسی. ئاقلانهترین رێگه ئه‌وه‌یه كه "كه‌متر دابنشین و زیاتر بجوڵێین".
رێگه‌كانی كه‌متر دانیشتن ئه‌وه‌یه كه له كاتی ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن به چالاكی خۆمان سه‌رقاڵ بكه‌ین، به پیاسه‌كردن یان پایسكل به‌ره‌و شوێنی كار برۆین، له جیاتی ئه‌وه‌ی كه به ئۆتۆمبێل یان پاس بڕۆین، یان به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به پیاسه بكه‌ین، له جیانی كۆبوونه‌وه له ژووری كۆنفڕانس.
ته‌نانه‌ت دانانی حاڵه‌تی هۆشداریی دانیشتن له‌سه‌ر مۆبایل ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ستانه‌وه، خۆراكێشان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی دانیشتن بۆ ماوه‌ی چه‌ند خولهك له رۆژێكدا.