ناچۆ نایەوێت ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید ببێتەوە

ناچۆ بەرگریکاری یانەی ریاڵ مەدرید
ناچۆ بەرگریکاری یانەی ریاڵ مەدرید

ناچۆ فێرناندێز بەرگریکاری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا، دوای 23 ساڵ یاریی بە درێسی مێرنگی، بڕیاری داوە وەرزی داهاتوو بە یەکجاری خولی وڵاتەکەی جێ بهێڵێت.

ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە ناچۆ فێرناندێز بەرگریکاری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا، کارگێڕیی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و دەیەوێت بە یەکجاری خولی وڵاتەکەی جێ بهێڵێت.

هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو یاریزانە نایەوێت لە داهاتوودا بە درێسی یانەیەکی دیکە، ڕووبەڕووی یانەکەی ببێتەوە و هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکانیش ئەوەیە، ناچۆ نایەوێت لە داهاتوودا هاندەرانی یانەکەی ڕەخنەی لێ بگرن.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە کارگێڕیی یانەی نەسری سعوودی،  چاویان بڕیوەتە بەرگریکارەکەی یانە شاهانەکە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ناچۆ وەرزی داهاتوو، جارێکی دیکە لە پاڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هاوڕێ پێشووی یاریی بکاتەوە.

ناچۆ، ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید کۆتایی دێت، دەنگۆیەکیش هەیە یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا، بایەخ بەو یاریزانە دەدات و ئامادەیە بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵدا مۆر بکات.