بەریتانیا: گرووپێكی تەلەڤزیۆنی پەخشی كەناڵەكانی رادەگرێت
گرووپی ئای تی ڤی: كاتژمێرێك بۆ وەرزشكردن لەسەر كورسییەكەت ھەڵسە
گرووپی ئای تی ڤی تەلەفزیۆنی لە بەریتانیا، بەبۆنەی ئەو سەركەوتنانەی تیمی وەرزشی و یاریزانانی وڵاتەكەی لە ئۆڵمپیكی ریۆ دی جانیڕۆ بەدەستیان ھێناون، بڕیاریدا بۆ ماوەی كاتژمێرێك پەخشی كەناڵەكانی رابگرێت.
بەمەبەستی ھاندانی بینەران بۆ وەرزشكردن و زۆر دانەنیشتن بەدیار شاشە، ھەروەھا بە بۆنەی سەركەوتنەكانی تیمی وەرزشی بەریتانیا، گرووپی ناوبراو رۆژی 27ی ئەم مانگە لە میانی ھەڵمەتێك بە ناوونیشانی (من تیمی بەریتانیام لە یارییەكانی ئۆڵمپیك) كاتژمێر 9:30 پەخشی كەناڵەكانی بۆ ماوەی كاتژمێرێك رادەگرێت.
لەم ھەڵمەتەی گرووپی تەلەفزیۆنیی ئای تی ڤی، كە بە ھاوكاریی ناشناڵ لۆتەری (لایەنی رێكخەری یانەسیب لە بەریتانیا) دەستی پێكردووە، ھەزاران یانەی وەرزشی دەرگای ھۆڵەكانیان بۆ خەڵك ئاوەڵا دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو كاتژمێرە بە خۆڕایی و بەبێ بەرامبەر وەرزش بكەن.
لەو ئاھەنگ و كەرنەڤاڵەدا، كە بەبۆنەی گەڕانەوەی شاندی وەرزشیی بەریتانیا لە بەڕازیل ئەنجام دەدرێت، جگە لە كارمەند و پێشكەشكارە ناسراوەكانی كەناڵەكانی گرووپی ئای تی ڤی، ئەو یاریزانە بەریتانیانەش بەشداری دەكەن، كە لە یارییەكانی ئۆڵمپیكی بەڕازیلدا مەدالیایان بەدەست ھێناوە. لە نێویاندا، گریگ رازەرفۆرد، كە مەدالیای بڕۆنزی بەدەست ھێناوە و ئەو یاریزانە ھانی خەڵك دەدات بۆ بەشداریكردن لەو ھەڵمەتە و دەڵێ "بۆ ئەوەی بەشێك بیت لە تیمی بەریتانی، پێویست نییە بەشداری ئۆڵمپیك كردبێت".