ڕۆژنامەیەک: ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ئیسرائیل دەکات

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو دەچێتە ئیسرائیل و تاوتوێی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتە لەگەڵ حەماس و ئۆپەراسیۆنی داهاتووی سەر ڕەفەح دەکات.

بلینکن لە مانگی ئاداری ڕابردوو سەردانی ئیسرائیلی کرد، هۆشداری دا لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر ڕەفەح، بەوەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دانیشتوانەکەی دروست دەکات، کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەسە.

ئیدارەی ئەمەریکا پێداگری کرد، لەوەی نابێت ئیسرائیل بێ پلانێکی ڕوون بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕەفەح دەست پێ بکات. هەروەها ئەمەش لە کاتێکدایە دانوستانەکانی قاهیرە لەبارەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لەلایەن ئەمەریکا و میسر و قەتەرەوە نێوەندگیری دەکرێت، بە کاوەخۆ بەردەوامە.

ئەمەریکا پێشنیاری ئازادکردنی 40 بارمتەی ئیسرائیلی کردبوو، ئەویش لەنێویاندا ئەو کەسانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لەبەرامبەر ئاگربەستی شەش هەفتەیی و ئازادکردنی سەدان زیندانی فەڵەستینی.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، لایەنی ئەمەریکی حەماسی بە بەرپرسیار زانی لە ئاستەنگکردنی ئەو ڕێککەوتنە و ئاماژەی دا کە ئیسرائیل بەو مەرجانە ڕازی بووە.