لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژران

K24 - هەولێر

بۆردومانێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفح لە باشووری کەرتی غەززە 15 هاووڵاتی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی وەفای فەڵەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بنەماڵەیەکی لە گەڕەکی جەنینە لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفح بۆردومانکردووە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کوژراون کە لەنێویاندا منداڵ و ژن بوون و کەسانی دیکەش برینداربوون.

هەروەها بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بنەماڵەیەکی دیکەی نیشتەجێبووی ئاوارە لە کەمپی شەبورە لە سەنتەری شاری ڕەفەح، شەش هاووڵاتی کوژران.

لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنەماڵەیەک لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، پێنج هاووڵاتیی دیکەی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە بەوهۆیەوە دەیان کەس ڕۆژانە دەکوژرێن و دەیان کەسیش برینداردەبن.

میدیاکانی فەڵەستینی بڵاویان کردەوە، دوای بۆردومانکردنی ماڵێک لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان، بۆردومانی ماڵێک لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، پێنج هاووڵاتی کوژراون کە لە نێویاندا منداڵ و ژن بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان ماڵێکی دیکەیان لە باشووری شاری غەززە بۆردومان کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی ژن کوژراون و ژمارەیەک کەس لەژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن و ژمارەیەکیش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕی خۆی لە کەرتی غەززە درێژەی پێداوە و تا ئێستا ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینیەکان گەیشتووەتە نزیکەی 34 هەزار و 500 کەس کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن و زیاتر لە 77 هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەزاران قوربانی هێشتا لە ژێر داروپەردوودان، هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی.