کۆریای باکوور ڕەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت

K24 - هەولێر
لەبەرامبەر ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا، کۆریای باکوور ڕەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور ڕەخنەی توندی لە ئەمەریکا گرت بەهۆی دابینکردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا، ئەو هەنگاوەی واشنتنی وەک دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسف کرد.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور جەخت دەکاتەوە، ئەمەریکا و ڕۆژئاوا توانای تێکشکاندنی سوپای ڕووسیایان نییە، هەربۆیە گرنگ نییە چ جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو بە ئۆکرانیا دەدەن.
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی بەوە تۆمەتبار کرد، پلانیان هەیە نیمچە دوورگەی کۆریا ڕاکێشنە ناو شەڕێکی وێرانکەرەوە.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا 20ـی نیسان بە زۆرینەی دەنگ چوار پڕۆژە یاسای پەسەند کرد، 23ی نیسان ئەنجوومەنی پیران بە 78 دەنگی بەڵێ، تەواوی ئەو پڕۆژە یاسایانەی پەسەند کرد.
ئەو چوار پڕۆژە یاسایەی سێنات و ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندیان کردووە، پێک هاتوون لە پێدانی هاوکاریی سەربازیی بە ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان بە بەهای 95 ملیار دۆلار بۆ هەرسێ وڵات. قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمەریکا، سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و خەرجکردنی پارە و سەروەتی دەستبەسەرداگیراوی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا.