دانەغاز پەرۆشیی بۆ دەست پێ کردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕادەگەیەنێت

کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە: دانەغاز
کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە: دانەغاز

K24 - هەولێر

کۆمپانیاکە دانەغاز لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لە پابەندیی کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکاتەوە دڵنیایی دەداتە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە.

کۆمپانیای دانەغاز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرای کرد، لەو هێرشە درۆنییەی ئێوارەی کاتژمێر 6:45 ڕۆژی 26ی ئەم مانگە کرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، یەكێک لە کۆگاکانی عەمبارکردنی سووتەمەنی شلی پێکاوە کە سەر بە کۆمپانیای پیەرل پیترۆلیۆمە لە هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران و هەشت کارمەندی دیکەش بەشێوەی جیاواز بریندار بوون.

دانەغاز ئاماژەی داوە، هەرچەندە هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی بە دامەزراوەکە نەگەیاندووە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی کارمەند و هاوکارەکانیان، بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە و چەند ڕێکاری پارێزگاریشیان گرتووەتەبەر.

هەروەها ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی لە ئاستی باڵا بتوانن تاوانبارانی هێرشەکە ڕووبەڕووی دادگە بکەنەوە.

ئاماژەش یداوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردتسان کار دەکەین بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکارە ئەمنیی و بەرگرییەکان لە پێناو دەست پێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

دانەغاز پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان کردووە و ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەنگاو و ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ چارەکردن و کەم کردنەوە ئازاری بریندارەکانی ئەو کارەساتە. هاوکات ڕایگەیاندووە، پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی هەموو کارمەندەکانی و بەڵێندەران ئەرکی لە پێشینەیەتی.

Fly Erbil Advertisment