دهۆک.. ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

کۆبوونەوەکەی دیوانی پارێزگای دهۆک
کۆبوونەوەکەی دیوانی پارێزگای دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە باشترین شێوە ئامادەکاریی بکەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکە بۆ وەرزی 2024. جەختیشی کردەوە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29-04-2024، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قایمقامەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری سایلۆکانی گەنم و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار؛ کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی نزیکبوونەی وەرزی دروێنە و ئامادەکردنی پلانێکی گونجاو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆک، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆبوونەوەکەدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە باشترین شێوە خزمەتی پڕۆسەکە بکەن.

لەو راسپاردانە لە کۆبوونەوەکەدا دەرکراون:

- بە گوێرەی سنووری جوگرافیا، پلانی وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بۆ وەرزی 2024 بڵاو دەکرێتەوە و بەرهەمەکە لە هەر سێ سایلۆکانی زاخۆ، فەیدیێ و شێخان وەردەگیرێت.

- بەبێ لێبڕین بەرهەمی جووتیاران وەردەگیرێت و بەپێی پشکنینەکان ئاسانکاری بۆ دەکرێت.

- بەرهەمی جووتیاران لەسەر بنەمای پەسەندی بەڕێوەبەرایەتی گەنم وەردەگیرێت و ڕێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوەی پارێزگای دهۆک نادرێت.

- پێویستە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئامێرەکانی جووتیاران بکرێت بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و دەزگا ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن لە ئەگەری دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.