ژمارەی بەشداربووانی هەژماری من 300 هەزار مووچەخۆری تێپەڕاند
K24 – هەولێر:
پرۆژەی هەژماری من لە سفرەوە دەستیپێکرد و ئێستا ژمارەی هەژمارە کراوەکان گەیشتووەتە، زیاتر لە 300 هەزار هەژمار و 200 هەزار کارتیی بانکیش ڕادەست کراوەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆژەی هەژماری من، کۆی هەژمارە کراوەکان بۆ مووچەخۆرانی دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە 301 هەزار هەژمار و لەو ژمارەیە 200 هەزار کارتی بانکیی ڕادەست کراوەتەوە.
ئامارەکان باس لەوەش دەکەن، ئێستا 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکو ئێستا شەش بانکە و هەریکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکیی ئیسلامی عێراقی لە پرۆژەکە لەخۆدەگرێت.
هەژماری من؛ ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان؛ خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.
پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونیشیداوە؛ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، چونکە بە بانکیکردن دەمێکە لە رێگەی هەژماری منەوە دەستیپێکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیەدا ڕاستکردنەوەیەک دەردەکات بەوەی کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو عێراقییەکان مافیان هەیە لە لیستی بانکە پەسەندکراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق، بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی هەڵبژێرن.
پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.
ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.
هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
