زانکۆی کۆلۆمبیای ئەو خوێندکارانەی دەرکرد کە خۆپیشاندانیان بۆ غەززە کردبوو

K24 - هەولێر

تۆڕی ئەمەریکی "NBC News" ڕایگەیاند، ئیدارەی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک دەستی کردووە بە دەرکردنی ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە خۆپیشاندان کردووە وەک پشتیوانییەک بۆ غەززە.

کەناڵە تەلەفزیۆنیی "NBC News" لە زاری بن چانگەوە، گوتەبێژی زانکۆ ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە دەرکردنی ئەو خوێندکارانەی بەشدارییان کردووە لە خۆپیشاندان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی حەرەمی زانکۆکە.

هەر وەک کەناڵەکە ئاماژەی پێدا، ئیدارەی زانکۆکە پێشتر هۆشداری دابوو بە خوێندکارە خۆپیشاندەرەکان و هەڕەشە کرد بوو، ئەوانەی پەیوەندییان بە زانکۆوە هەیە، دەریان دەکات و لە دەوام ڕایان دەگرێت، و ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەریان دەگرێتەبەر، بەڵام خۆپیشاندەران فەرمانەکەیان پشتگوێ خست.

پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندبوو، وەڵامدانەوەی خۆپێشاندانی خوێندکاران بۆ پشتیوانی لە غەززە لەلایەن ئیدارەی زانکۆوە لە ڕادەبەدەر توند بووە و بەشداربووان لە مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە بێبەش کردووە.

هەروەها هەفتەیەک بەر لە خۆپیشاندانەکە پۆلیس زیاتر لە 100 کەسی دەستگیرکردبوو و چادرەکانی لە گۆرەپانی سەرەکی زانکۆی کۆلۆمبیا لە مەنهاتن لابرد، بەڵام خۆپیشاندەران بەخێرایی گەڕانەوە و دووبارە چادریان دانا.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سەدان خۆپیشاندەریان لە چەندین زانکۆی ئەمەریکا دەستگیرکرد، کە چادریان هاوشێوەی خوێندکارانی زانکۆی کۆڵۆمبیایان داناوە.

خوێندکاران داوایان کرد، زانکۆکان وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی پەیوەست بە سوپای ئیسرائیل ڕابگرن.

کۆشکی سپی بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین لە ناو کەمپەکاندا کرد، بەڵام جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا "ناڕەزایەتی دژە جووەکان"ـی ئیدانە کرد و جەختی لەوە کردەوە دەبێت زانکۆکان سەلامەت و دووربن لە هەر گرژییەک کە دروست دەبێت.

Fly Erbil Advertisment