لە هەشتەمین کۆنفرانسی پشتیوانی سووریا گفتوگۆ لەسەر ڕێگە چارەی ئاشتی ئەو وڵاتە دەکرێت

سوەیلە سلمان، ڕۆژنامەنووس
سوەیلە سلمان، ڕۆژنامەنووس

K24 – هەولێر

ئەمساڵ 40 کورد بەشدارییان لە هەشتەمین کۆنفڕانسی پشتیوانی سووریا کردووە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، سەلوە سەلمان، ڕۆژنامەنووس لە هەشتەمین کۆنفڕانسی پشتیوانی سووریا لە بڕۆکسل  بە کوردستان24 ڕایگەیاند، "ئێمە لەم کۆنفرانسە چەند ساڵێکە ئامادەین بۆ ئەوەی لە نزیکە بزانین کاری لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا چییە، بۆچی کار دەکات و بە گشتی چی بۆ داهاتووی سووریا ئامادەکردووە".

بە گوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، "هەموو ساڵێک کوردانی سووریا لەم کۆنفڕانسە بەشدار دەبن، بۆ ئەمساڵیش 40 کورد بەشدارییان کردووە، ئەوانیش لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای  مەدەنین، و داوای ڕێکخستن و هاوکاری دەڤەری کوردی دەکەن بۆ سووریا."

ئەو ڕۆژنامەنووسە گوتیشی: "ئێمەی کوردیش لە سووریا هاوبەشی سووریان و سووریاش وەک ئێمە زۆر ئازار و ئاستەنگی بینیوە، کوردیش وەک هاووڵاتییەکی لە سووریا ئامادەیە ئازار و ئاستەنگ و داخوازییەکانی بگەیەنێتە یەکێتی ئەوروپا، چونکە هاوکاری کوردان لە سووریا زۆر لاوازە."

سەلوە سەلمان ئەوەشی خستەڕوو، "هاوکارییەکان بە ڕواڵەت زۆرن بۆ سووریا، بەڵام بە کردار هیچی دیار نییە، سەبارەت بە پەنابەری سووریش ئێمە زۆر گلەییمان هەیە لە تورکیا و لوبنان و ئوردن".

بە گوێرەی کارنامەی کۆنفرانسەکە، ئەمڕۆ بە بەشداری یەکێتی ئەوروپا و لایەنەکان  پەیوەندیدارەکان، شەش تەوەری گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت بە ئامانجی چۆنێتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆی سووریا و تەواوی ناوچەکە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختیکردووەتەوە، کۆنفرانسی ئەم ساڵ هەوڵەکانی زیاتر لە سەر چۆنێتی ڕێکخستنەوەی هاوکاریی و پشتیوانییە مرۆیی و دارایی و سیاسییەکانە بۆ خەڵکی سووریا لەگەڵ چۆنێتی هاوکاری کردنی کاری ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چڕ دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕاشیگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا گەورەترین پاڵپشتی کاری خەڵکی سوویا و ناوچەکەیە، لە سەرەتای دروستوونی ئاڵۆزیی و قەیرانەکانی سووریا لە 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 35 ملیار دۆلار هاوکاری خەڵکی سووریا و پەنابەرانی سووری کردووە.

یەکێتی ئەوروپا لە حەوتەمین کۆنگرەی تایبەت بە داهاتووی سووریا کە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو هەر لە برۆکسل بەڕێوەچوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری تەرخانکردنی شەش ملیار دۆلاری دا بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی لێقەوماوی ناوخۆی سووریا و ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی سووری دەحەوێننەوە، لەو هاوکارییە ماددیەدا پشکی یەکێتی ئەوروپا 4.07 ملیار دۆلار بووە.